ئەمیر ئەمین

کاک "ئەمیر ئەمین" شاعیر، نوسەر، شانۆکار و پێشمەرگە‌ی کورد له باشووری کوردستانه.
ئەم جوانکارە دەس‌ڕەنگینە، خاوەنی کتێبێکی شیعری بە نێونیشانی "من و تۆ بۆ لەدایک بووین"ـه.
کاک ئەمیر تا هەتا هیستا خاوەنی چەند خەڵاتی هونەری‌و ئەدەبیە بە ئەم نێونشیانە:
- خەڵاتی یەکەمی شیعر لە ڤێستیڤاڵی گوڵعەنبەر
- خەڵاتی سێهەم لە ڤێستیڤاڵی گوڵعەنبەر
- خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی گوڵهەنار بۆ شیعر
- خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی لاوانی تانجەرۆ
- خەڵاتی فەخری ڕێکخراوی کۆڕا بۆ پرسە نیشتیمانیەکان بۆ شیعر
- خەڵاتی فەخری ڤێستیڤاڵی نالی بۆ شیعر
- خەڵاتی دووهەم ڤێستیڤاڵی هایما بۆ شیعر
- خەڵاتی دووهەم لە بیست و دووهەمین ڤێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ شیعر

◇ هێندێ لە بەرپرسی و کارانی ئەمیر ئەمین:
- بەرپرسی خانەی گەشبیری وەلی دێوانە
- ئەندامی نێوەندی تەرا
- ئەندامی تیپی شانۆی نالی
- دەستەی دامەزرێنەری تیپی شانۆی موکریان
- سەرپەرشتیاری گروپی شەم
و...


(۱)
زەویەکی تەختە،
پرچت دەکەوێتە سەری -
چ دارستانێکە پشتت!


(۲)
دێمە باوەشت،
فێری شیردانی بکە -
هێشتا ساوایە دڵی من.


(۳)
[برینی پێچراوە]
خواردمیان ئەوانەی شیعریان پێ نەدەخورا
فڕێیان دامە خوارەوە ئەوانەی لە ئاسمانەوە دابەزین
حەواڵەی ئاسمانیان کردم ئەوانەی
لەژێر زەوییەوە وەک حەشەرات هاتنە دەر.
ئەو بەیانییەی بەرلەوەی ڕابکەم بۆئەوەی ببمەوە بە مرۆڤ
بەژێر ژێرپێ و نێو لاقی مرۆڤەکاندا هەڵهاتم…
برینێکم لەنێو نامەیەکدا بۆ پێچایتەوە،
بۆئەوەی کە نامەکەت کردەوە
دڵم ببینی چۆن بووە بە مۆزەخانەی شوێنپێ
بۆ ئەوەی زمانم ببینی چۆن پڕ بووە لە چغه
بۆ ئەوەی سەرم ببینیت
کە چۆن وەک مەنجەڵە بن ڕەشەکەی دایکم
هەمووان سەریان لە لەسەرمدا دەکوڵاند.
بۆ‌ ئەوەی چاوەکانم ببینیت چونکە دەمویست
وەک دوو چرا لە تاقی ژوورەکەی (لەتیف هەڵمەت)دا بگەڕێن
بەڵام وەک بیرەکانی بەدر پڕیان کردنەوە!
نیگەران مەبە نابینا بم باشترە
ڕەنگەکانی ئەوان دڕن ڕەنگەکانی ئەوان دەمانخۆن
ڕەنگی سپی ئەوان ئاوی سپی سەرچاوەکانمان بوون
ڕەنگی ڕەشی ئەوان لافیتەی پرسەی خەونەکانمان بوون.
مەڕێکی بێ زمانی تۆقیوی نێو لورەی جیهانی نوێم
کتێبم داوە بە خۆمدا بۆ ئەوەی تەڕ نەبم
شیعرم کردووەتە بەرم بۆ ئەوەی ڕەق نەبمەوە.
دەستەکانت بێنە بەرلەوەی ببمە خۆڵەمێش
سەرمای تەمەنێک لە گیانت دەربکه
من کە نەمتوانی لە دڵتدا ئاگرێک بکەمەوە
با ئاگری خۆم دۆزەخی خۆم بێت.



گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی
دیدگاه ها (۰)

چنوور نامیق

فەرهاد پیرباڵ

ئومێد شیخ کریم

گۆران مەریوانی

سارا عوسمان

شنیا عه‌بدولمه‌جید

در حال بارگزاری

خطا در دریافت مطلب های مرتبط